لیژنەی ناوخۆ: پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ناوخۆ ئەوانەش دەگرێتەوە کە پێشتر خانەنشین بوون

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گوتی، پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و لەبەر ئەوەش دوا کەوت بۆ ئەوەی ئەوانەی خانەنشینیش بوون، بیانگرێتەوە نەک تەنها ئەوانەی ئێستا خانەنشین دەبن و چاوەڕێ دەکرێت بە 70% مووچەی ئێستایان خانەنشین بکرێن، نەک مووچەی بنەڕەتی، بۆیە پڕۆژەیاساکە بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادە کراوە و لە خزمەت خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ دەبێت.
حیکمەت محەمەد، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و بەرەو کۆتایی چووە و چاوەڕێ دەکەین کە حکوومەت بۆ ئێمەی ڕەوانە بکات و بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ئامادە کراوە و پێویست بوو دەمێکە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە پێویستە ئەوانەی پێشتریش خانەنشین کراون بیانگرێتەوە، نەک تەنها ئەوانە لەمەودوا خانەنشین دەکرێن، بۆیەش گۆڕانکاریی تێدا کراوە و دەبێتە بارگرانی لەسەر حکوومەت لەڕووی بودجەوە، هەرچۆنێک بێت پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
حیکمەت محەمەد گوتیشی: ''دەمانەوێت ئەوانەی پێشتریش خانەنشین کراون لەو پڕۆژەیاسایە سوودمەند بن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام مووچەیان چەند دانراوە چاوەڕێ دەکرێت بە ڕێژەی70%ی کۆی ئەو مووچەی ئێستایان خانەشنین بکرێن، بەڵام تا نەگاتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت ڕێژەکە بەتەواوی دیاری ناکرێت، چونکە پێویستە ببێتە یاسا و لەوێ دیاری بکرێت.''
گوتیشی: کارێکی زۆر باش دەبێت ئەو پڕۆژەیاسایە و لە خزمەتی ئەوانەدا دەبێت کە خانەنشین بوون و ئەوانەی لە داهاتوودا خانەنشین دەبن.
بڵند ئیبراهیم




