"لە چوارچێوەی چاکسازیدا ١٣ ھەزار مووچە و مینحەی نایاسایی لە وەزارەتی شەھیدان بڕدراوە"
__2022_10_20_h15m21s43__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان ھەنگاوی باشی بڕیوە و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا مووچە و دەرماڵەی ١٣ ھەزار کەس بڕدراوە.
حاکم عادل، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی یاسای چاکسازی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەرکرا، لەژێر ڕێنماییی ئەو یاسایەدا پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەستی پێ کردووە و ھەنگاوی باشی بڕیوە و، لە چوارچێوەی پەیڕەوی چاکسازیدا چەندین لیژنە لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت پێک ھاتوون و وەزیری شەھیدان خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی چاکسازی دەکات و ھەموو بەشەکانیشی گرتووەتەوە لە مووچە و دەرماڵە و شایستەی شەھیدان و جینۆساید و تاقانەکانی ئەنفال و زیندانییانی سیاسی.''
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی: "ھەر لە سەرەتای پرۆسەی چاکسازییەوە لە وەزارەتی شەھیدان مووچە و مینحە و دەرماڵەی ١٣ ھەزار کەس بڕدراوە، کە پێک ھاتوون لە مووچە و مینحە و دەرماڵەی بەخێوکەری کەسوکاری شەھیدان و زیندانییانی سیاسی و شەھیدان و شەھیدانی جینۆساید، بەو پێیەش ٩٩٦ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە.''
حاکم عادل ڕوونی کردەوە: "ھەرکەسێک لە مووچەی نایاسایی سوودمەند بووبێت، مووچەکەی دەبڕدرێت و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان پشکی شێری لە چاکسازی بەر دەکەوێت و پرۆسەکەش درێژخایەنە و بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت، گومان لە ھەر کەسێک ھەبێت ئەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت و بەپێی لیژنەکان مووچەکە یەکلا دەکرێتەوە.''
قائید میرۆ




