٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەدیجیتاڵکردنی کارەکانی حکوومەتی هەرێم ڕەنگدانەوەی لەسەر دیاردەی گەندەڵیی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەئەلیکترۆنیکردن و دیجیتاڵکردنی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە و کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی گەندەڵی و ڕۆڵیشی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ڕۆتین و دیاردەی بەرتیلدان، بۆیە ئەو هەنگاوەی حکوومەت زۆر گرنگە و لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیدایە .

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و شارەزای ئابووری، دکتۆر ئەرشەد تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوەکانی چاکسازیدا خزمەتگوزارییەکان بەدیجیتاڵی دەکات بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاراکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکردنی کارەکانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئەدای حکوومەت و ئاستی ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا لەو کۆنفرانسەی دوبەی بەشدار بوو کە زیاتر لە 100 وڵات بەشدار بوون و تایبەت بوو بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە خزمەتگوزارییەکانیان بەدیجیتاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیش بێگومان دەیەوێت سوود لەو ئەزموونانە وەرگرێت و ڕۆتینیاتی وەزارەتەکان کەم بکاتەوە و ئەدای فەرمانبەران بەرز بکاتەوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی بەتەمەن و نەخۆشن ئەزیەتێکی زۆریان دەکێشا تاوەکوو خزمەتگوزاریی حکوومەتیان بەدەست دەخست.''

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: ''ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بە هەنگاو کار دەکات ڕۆتین نەمێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دەزگاکانی حکوومەت و خێراکردنی کاری بزنس و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و قۆناغەکان، ئامادەکاریی باشیان بۆ کراوە و هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان کەوتوونەتە کار وەکوو مۆڵەتی شوفێری، بۆیە ئەوانەی دیکەش بە قۆناغ دەکرێنە ئەلیکترۆنی، بۆیە هیوادارین خێراتر کار بکرێت.''

تەها باسی لەوەش کرد: ''بەدیجیتاڵکردنی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی لەسەر دیاردەی گەندەڵییش دەبێت، چونکە لەڕێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکوومەتەوە بەرتیلدان و ڕۆتین ڕۆڵیان نامێنێت، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات بەرهەمەکان ببینین، بۆیە حکوومەت هەنگاوی باشی ناوە و لەو ماوەیەدا سەرۆکی حکوومەت سەنتەرێکی نوێی بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی کردەوە کە بریتی بوو لە داتاسەنتەر کە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لەوێ کاریان لەسەر بکرێت.''

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار