٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەر پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت پێویستە 25%ی سەوزایی بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، هەر پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، پێویستە 25%ی سەوازیی بێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە بەردەوامە و پڕۆژە کۆنەکانیش کە سەوزایییان نەبووە لە شوێنی دیکە پێویستە قەرەبووی بکەنەوە و سەوزی بکەن، جا قوتابخانە، یاخود نەخۆشخانەیەک بێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بێت، کە ئەوەیان لەبری سەوزکردنە.

ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی خۆمان هەیە و هەرجارێک پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت پێویستە بەشێک لە پڕۆژە بکرێتە سەوزایی و لە کۆتاییی ساڵیشدا ئامارەکان بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنین، بۆیە ئێستا لە کارکردن بەردەوامین و بزانین لە کۆتاییی ساڵ ڕووبەری چەندی سەوز کراوە، ئەوکات دیار دەبێت.''

ئازاد نووری گوتیشی: ''هەر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت، پێویستە 25%ی بکرێتە سەوزایی، ئەوانەی کۆنیش پڕۆژەی لەبری سەوزکردن دەیانگرێتەوە، کە پێویستە شوێنی دیکە لە قوتابخانە، یان نەخۆشخانەیەک سەوز بکات، ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە، ئەمەش لەپێناو ئەوەیە کە یەکێک لە فاکتەرەکان بۆ زیادکردنی سەوزایییە .

نووری ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لە ئێمە وەزارەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش  کاری زیادکردنی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار