سەرۆککۆماری نوێی عێراق: لەمڕۆوە دەست بە کارکردن دەکەین

بهغدا-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە د. لەتیف ڕەشید، لە ڕێوڕەسمێکدا وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق دەستبەکاربوو، پاشان یەکەم گوتاری خۆی وەک سەرۆککۆماری عێراق پێشکەش کرد.
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: سوپاسی ئامادە و پاڵپشتیتان دەکەم و سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە متمانەی پێدام بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارییەتییەکی قورس و گەورە.
ڕاشیگەیاند: عێراق لە قۆناغێکی سەختە، هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییەکانی تێدا پارێزراو بێت، لە ئاییندەیەکی نزیک.
هەروەها گوتی: لەمڕۆوە دەست بە کارکردن دەکەین و قوربانی هێزە ئەمنییەکان لەبەرچاو دەگرین بە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی.
گوتیشی: گەلی عێراق چاوەڕوانی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی بەهێزە بەخێرایی، بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق، بۆ هێنانەدی داواکارییەکانیان کە بتوانێ قوتابخانە و ڕێگەوبان و کارەبا و خزمەتگوزاری پێشکەش هاووڵاتییان بکات و هەروەها پارێزگاری لە سەروەت و سامانی وڵات بکات و لە چاوەڕوانی هەموو هاووڵاتییەک بێت.
لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەش دا کە "هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان زۆر باش بێت و ئەو ئامانجە بەدی بهێنین کە ئێستا باسمان کرد، هەوڵ دەدەم بەوپەڕی ئەمانەتەوە پارێزگاری لە دەستوور و یەکگرتوویی و سەروەری خاکی عێراق بکەم."
ئاماژەی بەوەش دا کە "هەوڵی چارەسەری کێشەکانی عێراق دەدەم، هەروەها هەوڵ دەدەم کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێی دەستوور چارەسەر بکەم."
هاوکات د. لەتیف ڕەشید جەختی لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی کردەوە.
سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە ڕێوڕەسەمەکەدا باسی لەوەش کرد کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەم ئاییندەی کاری خۆم جارێکی دیکە بۆ گەلی عێراق ئاشکرا بکەم.
ڕامان وریا




