٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی: بەداخەوە لایەنێکی کوردی خیانەتی لە نەتەوە و نیشتیمانی خۆی کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر رووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت و لە ئەنجامی ئەو خیانەتە کورد ٥١%ی خاکی باشووری کوردستانی لەدەستدا و چالاکوانێکی کەرکووکیش دەڵێ، لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ٣٥ ھەزار خێزانی عەرەبی شۆڤێنی ھاتوونەتە کەرکووک.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بەھۆی خیانەتی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ھێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا کورد ٥١%ی خاکی باشووری کوردستانی لە دەستدا.

لەمبارەشەوە، جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان لەپەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کورد بە دەستی کورد شار بەدەرکراوە و بەداخەوە لایەنێکی کوردی بووە ھۆی رێککەوتن و خیانەتی لە نەتەوە و نیشتیمانی خۆی کرد و لە ئەنجامدا ٥١%ی خاکی باشووری کوردستانمان لەدەستدا".

لای خۆشیەوە ئارەزوو جەبار، ژنە چالاکوانی کورد لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ٣٥ ھەزار خێزانی عەرەبی شۆڤێنی ھاتوونەتە کەرکووک و بەردەوام مەترسی لەسەر کورد ھەیە، چونکە بەردەوام دەسەڵاتێک لە کەرکووک ھەیە لە ھەوڵی سڕینەوەی کوردە لەو شارە و لە شارێکی کوردیەوە کەرکووک بووەتە شاری جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک".

ئارەزوو جەبار دەشڵێت: "جیاوازیەکی زۆر دەکرێت لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک و لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەتا لە گەیاندنی خزمەتگوزاریش جیاوازی لەنێوان ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک دەکرێت و زیاتر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەیە کە عەرەب تێدا نیشتەجێیە".

جوان رۆژبەیانی ئاشکرایکرد: "چەندین جار ھەوڵی ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە دراوە، بەڵام ھەر لایەنێکی کوردی رێگر و ئاستەنگە لەبەردەم ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ناھێڵن رێککەوتنەکان بکەونە واری جێبەجێکردن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار