٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمساڵ دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە ٦٥ پڕۆژە داوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمساڵ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ٦٥ پڕۆژە دراوە و پشکی شێری پڕۆژەکانیش بەر کەرتی بارزگانی کەوتوون. بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدانیش دەڵێ، ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێ دراوە بە سەرمایەی یەک ملیار دۆلار وەبەرھێنان دەکەن.

د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ٦٥ مۆڵەتی وەبەرھێنانی بە پڕۆژەکان داوە و سەرمایەی ئەو پڕۆژانەش یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی بووە، لەوانەش، ٢٢ پڕۆژەی بازرگانی و شەش پڕۆژەی تەندروستی و ١٧ پڕۆژەی پیشەسازی و شەش پڕۆژەی گەشتیاری و شەشی پەروەردە و فێرکردن و ئەوانی دیکەش لە کەرتە جیاوازەکانن.''

بەرپرسەکەی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان گوتی: "ڕۆژانە داواکاری پێشکەش بە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان و داواکاریی زۆر ھەیە بۆ پڕۆژەکان.''

پەیوەست بە وەبەرھێنەرانی بیانییش، د. ھەڤاڵ سدیق ڕوونی کردەوە: "لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان یەکەیەکی تایبەت بە وەبەرھێنانی بیانی کراوەتەوە و خواست ھەیە لەلایەن وڵاتانی جیھانەوە بۆ ئەوەی لە کەرتی وەبەرھێنانی کوردستان کار بکەن، بەردەوام شاندی بیانی دێنە دەستە و ڕۆژانی ڕابردوو شاندێکی باڵای وڵاتی چیک سەردانی دەستەی کردبوو تا چیک ڕۆڵی ھەبێت لە وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار