هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت کاریگەریی زۆری هەبووە

هەولێر -KDP.info- هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش باس لەوە دەکات کە ئەو هەڵمەتە کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە و ئێستا خەڵک کەمتر چەکی بێمۆڵەت هەڵدەگرێت.
ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامی جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو ئێستا هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت.''
دکتۆر سامی جەلال گوتی: ''جگە لەوەش، یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە هێشتا کاری لەسەر نەکراوە و جێبەجێ نەکراوە، قسەکەیان ڕاست نییە و بێبنەمایە، چونکە یاساکە لە واری جێبەجێکردندایە.''
هەر لەم بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، حیکمەت محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان لە هەموو ناوچەکان بەردەوامە و تا ئێستاش بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە دیاردەی چەکهەڵگرتن زۆر کەمی کردووە و کاریگەریی زۆر باشی هەبووە، بۆیە گرنگە ئەو هەڵمەتە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت چەکی بێمۆڵەت هەڵگرێت.''
حیکمەت محەمەد گوتیشی: ''کوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە یاسای چەکی جێبەجێ کردووە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە، چونکە ئەو یاسایە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و خەڵکێکی زۆر چەکی بێمۆڵەتی هەبوو لە دوای ساڵانی 1990ـوە تا ئێستا، بەڵام ئەو هەڵمەتە وای کرد کە ئەو دیاردەیە زۆر کەم بێت و خەلک ترسی هەبێت لەوەی چەکی بێمۆڵەت هەڵگرێت، دیارە بە ماوەیەکی کەمیش بنبڕ نابێت و کاتی پێویستە.''
بڵند ئیبراهیم




