٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سەد ھەزار نەمام لە پارک و شەقامەکانی دھۆک دەڕوێندرێن"

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی دھۆک ئاشکرای کرد، لە وەرزی نوێی چاندنی دار و نەمامدا بڕیارە سەد ھەزار نەمامی گوڵ لەنێو شەقام و پارکەکانی شاری دھۆکدا بڕوێندرێن و کار بۆ باشترکردنی پارکەکانی دھۆک دەکرێت.

کاروان ساڵح، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەشت پارکی سەرەکی لەناو سەنتەری شاری دھۆک ھەن و خەڵک سەردانیان دەکات، لە وەرزی پایزدا ساڵانە ھەڵمەتی چاندنی دار و نەمام بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ئەمساڵیش سەد ھەزار نەمامی گوڵ لە شەقام و پاڕکەکانی شاری دھۆک بڕوێنین بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی و جوانکاریی شار بەڕەو زیادتر ببەین، ئەگەر بودجەی پێویستیش لەبەر دەست بێت بۆ ئەندازەی پارکەکان پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدەین."

بەڕێوەبەری ئەندازەی پاڕکەکانی دھۆک دەشڵێت: "شاری دھۆک بەھۆی سروشتی خۆی ناوچەیەکی دڵڕفێنی ھەیە، ئەگەر زیاتر خزمەت بکرێت لەڕووی چاندنی درەخت و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کاریگەریی زیاتری دەبێت لەسەر جوانتر پێشاندانی شاری دھۆک، ھەرچەندە ساڵانە چەندین پڕۆژە ھەن بۆ پارک و باخچەکان، بەڵام بەپێی خواستی ئێمە نییە."

کاروان ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کێشەی سەرەکیی پارک و باخچەکانی دھۆک نەبوونی کارەبای سەربەخۆ و ئاوە بۆ خزمەتکردنی پارک و باخچەکانی دھۆک، چونکە ئێمە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکانی سەنتەری شاری دھۆک پشت بە ئاوی ماڵان دەبەستین، ئەوەیش کاری ئێمەی قورستر کردوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار