وردەکاریی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دۆڵی بالیسان

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دۆڵی بالیسان دەستی پێ کردووە، بە گوژمەی سێ ملیار و700 ملیۆن دینار، کە ڕێگایەکی زۆر گرنگە و خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە سوودی لێ وەردەگرن .
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بالیسان دەستی پێ کردووە کە 23کم دەبێت و گوژمەی سێ ملیار و700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و ڕەنگە داوای پارەی زیاتریش بکەین، چونکە زۆر تێک چووە و دەمانەوێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی چاکی بکەینەوە و دەمانەوێت قیرە کۆنەکە و ئەوەی ئێستا هەیە لای بەرین و سەرلەنوێ بەردی شکاو و تێکەڵەی تێ بکەینەوە و ئینجا قیرتاوی بکەینەوە، بۆ ئەوەی تەمەنی درێژ بێت و بە جۆرێکی باش نۆژەن بکرێتەوە.''
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ''نۆژەنکردنەوەکە لە شکارتە و لە دۆڵی بالیسانەوە تا دەگاتە زینەپیر دەست پێ دەکات و سوودێکی زۆری بۆ دەڤەرەکە دەبێت، چونکە زۆر فراوانە، بۆیە ئەو ڕێگایە تەواو بێت خەڵکێکی زۆر سوودی لێ وەردەگرن و زۆریش باشە.''
بڵند ئیبراهیم




