راگه‌یاندراوێک لە مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

هه‌ولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی دۆخی عێراق بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، سه‌رۆككۆماری عێراق كه پشكی كورده، رای خۆمان به‌ڕاشكاوی راگه‌یاندوه كه به‌پێویستی ده‌زانین كۆده‌نگی گه‌لی كوردی له‌سه‌ربێت چونكه نوێنه‌ری كورده لە عێراقی فیدراڵ‌دا ده‌شڵێ، له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدراڵ بڕیارماندا به‌كشاندنەوه‌ی هه‌ڤاڵ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له كاندیدی سه‌رۆككۆمار.
ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، هه‌وڵه‌كانمان به‌ڕوون و ئاشكرایی بۆ رزگاركردنی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق له چه‌قبه‌ستوویی به‌گه‌ڕخست و، بەبێ جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له گفتوگۆ دابووین و، پابەندی و رێزیشمان بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی عێراق هه‌بوو له ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ریان بۆ ئه‌و پۆسته سیادیه‌ی بۆ هه‌ر لایه‌ك دیاریكراوه. سه‌باره‌ت به سه‌رۆككۆماری عێراق كه پشكی كورده، رای خۆمان به‌ڕاشكاوی راگه‌یاندوه كه به‌پێویستی ده‌زانین كۆده‌نگی گه‌لی كوردی له‌سه‌ربێت چونكه نوێنه‌ری كورده لە عێراقی فیدراڵ‌دا، به‌داخه‌وه هه‌وڵدرا ئه‌م بابه‌تە پشتگوێ بخرێ و به‌ده‌ست تێوه‌ردان و سه‌پاندنی ئیڕاده و له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی ئه‌م مافه‌ی گه‌لی كورد پێشێل بكه‌ن، بۆیە پارتیمان هه‌ڤاڵ (رێبه‌ر ئه‌حمه‌د)ی كاندیدکرد بۆ ئه‌و پۆسته، ئێستاش کە ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌درا بۆ سه‌پاندنی ئیڕاده و ره‌چاونه‌كردنی كۆده‌نگی کورد كه ئێمه له پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌كو پڕه‌نسیپ به‌گرنگمان زانیوە، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و، هه‌روه‌ها له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدراڵ بڕیارماندا به‌كشاندنەوه‌ی هه‌ڤاڵ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له كاندیدی سه‌رۆككۆمار، هیوادارین كۆبونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەران كه بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار ده‌به‌سترێ سه‌ركه‌وتوو بێت.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٣ی١٠ـی٢٠٢٢




