"لە زاخۆ شوێن بۆ شوقەی کەمدەرامەتان دیاری کرا"

زاخۆ -KDP.info- لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان و کەمدەرامەتان دیاری کران و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆش دەڵێ، چەند مەرجێک بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، دیاری کراون.
جەگەر خوین عەبدی، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پشکی زاخۆ لەو ٢٠ ھەزار شوقەی بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروست بکرێن ٨٩٢ شوقە بەر زاخۆ دەکەون و زیاتر لە دوو ھەزار کەسیش فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان پڕ کردووەتەوە، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆوە دوو شوێن بۆ دروستکردنی کرێنشینان دیاری کراون، ئەوانیش کەرتی ١٣ی تلکەبەر بۆ دروستکردنی ٥٧٦ شوقە و لە کەرتی ئافرمانیش ٣١٦ شوقە دروست دەکرێن.''
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ دەشڵێت: "ھیچ کێشەیەک لەسەر شوێن نەماوە بۆ دروستکردنی شوقەکانی کرێنشینان و ھەر کاتێک دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت شوێنیان دیارە، بەڵام ئەگەر لە قەزای باتۆفە شوێن دیاری بکەن، ئەوە ژمارەیەک لەو شوقانە دەبرێنە قەزای باتۆفە.''
جەگەر خوین عەبدی ڕوونی کردەوە: "پشکی زاخۆ بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان دیاری کراوە بۆ ھەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، چەند پێوەرێک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوودمەند بن لەو شوقانە دیاری کراون، لەوانەش نابێت ھیچ خانوو و زەویەکی لەسەر ناو بێت و تا دوو ساڵ پێشتریش نابێت زەوی لەسەر ناوی ھەبووبێت، ھەروەھا نابێت لە یەک ئۆتۆمبێڵ زیاتری لەسەر ناو بێت، ئەگەر خێزانی شەھید و کەمئەندامیان ھەبێت، ئەوەشیان لەبەرچاو دەگیرێت.''
قائید میرۆ




