بابەکر زێباری: ئەو کێشەی لەخانەقین دروست بووە سیاسییە نەک سەربازی

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، پێویستە رێگە نەدرێت ئەو کێشەی لەخانەقین ھەیە گەورەبێت، چونکە کێشەکە خۆی سیاسییە نەک سەربازی، بۆیە پێویستە لەڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت لەبەر ئەوەی بڕیارەکە کەدراوە خۆی سیاسییە نەک سەربازی.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوەی لە خانەقین دەگوزەرێت درێژەپێدەری کێشەکانە بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە عێراق دەیپارێزێت ھەربۆیە ئەوانیش بڕیاری دەرکردنی ھێزە کوردیەکانیان داوە، بۆیە پێویستە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت کە لەسەر ئاستی باڵادا بێت، لەبەر ئەوەی ئەو کێشانە بەگفتووگۆ چارەسەر نەکرێن کێشەکان گەورەتر دەبن، چونکە خۆی کێشەکان لەبچووکەوە گەورە دەبن".
بابەکر زێباری گوتیشی: "نوێنەرانی کورد لەبەغدا و نوێنەرایەتی ھەرێم لەبەغدا خەریکی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەن و ئەرکی ئەوانە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بۆیە پێویستە رێگری بکەن ھیچ کێشە دروست بێت".
زێباری باسی لەوەشکرد: "ئەو کێشەی لە سنووری خانەقین دروست بووە ئەوەندە سەربازی نیە ھێندەی سیاسییە، بۆیە پێویستە لەڕووی سیاسیەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت چونکە ئەو بڕیارەی بۆ دەرکردنی ھێزە کوردیەکان دراوە سیاسییە نەک سەربازی".
بڵند ئیبراھیم




