پەرلەمانتارێکی پارتی: دانوستانی چڕ ھەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن

بەغدا -KDP.info- بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆ ببێتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتییش ئاشکرای کرد، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا دانوستانی چڕ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری کراوە و بەپێی دەستووریش پێویستە ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و کاندیدی سەرۆککۆمار ٢٢٠ دەنگ بەدەست بێنێت، ئەگەر لە جاری یەکەم ئەو ڕێژەیە بەدەست نەھات، ئەوە لە گەڕی دووەم دوو کاندید دەچنە کێبڕکێ و زۆرترین دەنگ دەبێتە سەرۆککۆمار.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "تا ئێستا پارتی و یەکێتی بە کاندیدی جیا دەچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی کورد بە یەک کاندید بەشداریی کۆبوونەوەی پێنجشەممە بکات و لە ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا دانوستانی چڕ بەڕێوە دەچن لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.''
سیپان شێروانی ئاشکرای کرد: "ئیرادەیەک ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندین کۆبوونەوە ھەبووە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار، چونکە نامانەوێت بە ئەزموونی ساڵی ٢٠١٨ کورد بچێتە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، تا ئەم دەقەیەش تاکە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕێبەر ئەحمەدە.''
قائید میرۆ




