لیژنەی کشتوکاڵ بەدواداچوون بۆ دابەشنەکردنی نزیکەی 11 ملیار دیناری جووتیاران دەکات

هەولێر -KDP.info- لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ دابەشنەکردنی نزیکەی 11 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران دەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە دابەش نەکراوە.
سەفین گەردی، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014ـوە بڕێک پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە کە پارەکە لە بانک بووە، وەکوو لیژنەی خۆمان لیژنەیەکمان پێک هێناوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین.''
گەردی باسی لەوەش کرد: ''ئەمڕۆ لیژنەکەمان دەستبەکار بوو و سەردانی وەزارەتی بازرگانی و سایلۆ و بانکەکان دەکەین لەبارەی ئەوەی لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ـوە تا ئێستا نزیکەی 11 ملیار دینار دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەی بزانین هۆکار چییە کە تا ئێستا نەدراوە.''
سەفین گەردی گوتیشی: ''خۆی پارەکە لە بانک بووە و دابەش نەکراوە و دەمانەوێت زانیاریمان لەسەر ئەو پرسە دەست کەوێت و دواتر وردەکارییەکان ئاشکرا دەکەین، چونکە ئەوەی ماوە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا لە بانکەکان دابەش نەکراوە.''
بڵند ئیبراهیم




