"لە ماوەی ساڵێکدا ٤٠ بیر لە دھۆک وشک بوون"

دهۆک -KDP.info- بەھۆی وشکەساڵییەوە تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا ٤٠ بیری ئاو لە سنووری پارێزگای دھۆک وشک بوون و بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی پارێزگاکەش دەڵێت، مەترسیی گەورە ھەیە و داوای دروستکردنی بەنداو دەکەین.
عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای دھۆک زۆر کەمی کردووە و مەترسیی لەسەر کەرتی ئاو پەیدا کردووە لەو پارێزگایە، چونکە تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا ٤٠ بیر لە سنووری پارێزگای دھۆک وشک بوون و تا دێت ژمارەی ئەو بیرانەی وشک دەبن بەرەو ھەڵکشانە، ھەرچەندە ئیدارەی خۆجێی دھۆک لە ھەوڵدایە مۆڵەت بەو شوێنانە بدات کە بیریان وشک بووە، بەڵام ئەمە نابێتە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی وشکەساڵی.''
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە پارێزگای دھۆک گوتیشی: "وشکبوونی بیرەکانی سنووری دھۆک مەترسییان ھەیە بۆ سەر دانیشتووانی پارێزگاکە، ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ گوندێک بەھۆی بێئاوی و وشکبوونی بیرەوە چۆڵ نەکراوە، بەڵام ئەگەر لە داھاتوودا ڕەوشەکە بەو شێوەیە بێت ئەوە مەترسیی چۆڵبوونیش دەبێت.''
عەبدولمەجید عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشنیازمان داوەتەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی وشکەساڵی کە ژمارەیەک بەنداوی گەورە و بچووک دروست بکرێن، چونکە بە دروستکردنی بەنداو دەتوانرێت لە زیانەکانی وشکەساڵی کەم بکەینەوە و کاریگەریش دەببێت لەسەر ئاوی ژێرزەوی.''
قائید میرۆ




