لیژنەیەکی هاوبەشی بەغدا و هەرێم کێشەی وانەی کوردی لە پرۆسەی خوێندندا چارەسەر دەکات

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کرد و بڕیار درا لیژنەیەکی هاوبەش کێشەی وانەی کوردی لە پرۆسەی خوێندنی ناوچە کوردستانییەکاندا چارەسەر بکات .
دکتۆر سەیوان فەرەج بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەردانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیان کرد کە بەڕێوەبەری ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقیشیان لەگەڵ بوو و وەزیری پەروەردەی هەرێم پێی ڕاگەیاندن کە ئەوەی کردووتانە جۆرێکە لە نادادپەروەری و جۆرێکە لە ئیهانەکردنی کورد بە شێوەیەکی گشتی، ئێستا لەگەڵیان لەخەتین بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین لە ڕێگەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و بەغدا، بۆیە لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوولا دروست بووە و بەڕێوەبەری ئەزموونی هەردوولا لە لیژنەکەدان.''
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''وەزیری پەروەردە ئەوەشی پێ گوتن کە ئێمە لەسەر بەکەمزانینی زمانی کوردی سازش ناکەین، ئەوانیش باسیان لەوە کرد ئەو بڕیارەی کە ئەگەر قوتابییەک لە وانەی کوردی دەرنەچێت، بە دەرچوو هەژمار دەکرێت، سەرچاوەی گرتووە لە خەڵکێک کە ئەگەر تەنها لە کوردی دەرنەچێت، ڕقی لە کورد هەڵدەستێت، بەڵام ئێمە پێمان گوتن ناکرێت ئەوە بکرێتە بیانوو، پێویستە وانەی کوردی بە وانەیەکی سەرەکی هەژمار بکرێت.''
گوتیشی: ''لیژنەکە دەست بەکار دەبێت و گفتوگۆ دەکەن تا دەگەنە ئەنجامێک و چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن.''
بڵند ئیبراهیم




