وەزارەتی ئەوقاف: مامۆستایانی ئایینی خۆیان سەرپەرشتیی بۆردی وتاردانان دەکەن

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆردی وتاردانان نوێنەری هەمووانی تێدایە و مامۆستایانی ئایینی خۆیان سەرپەرشتیی دەکەن و تا ڕادەیەکی باشیش پابەندن و ئەوەی پابەندیش نابێت دەتوانێت خۆی پێشنیاز بکات و ڕێنمایی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەزارەتی ئەوقاف بەپێی ڕاسپاردەی کۆنفرانسی ڕێکخستنی وتاری ئایینی لە ساڵی 2016ـوە بۆردێکی هەیە بە ناوی بۆردی وتاردانان و مامۆستایانی ئایینی خۆیان سەرپەرشتیی دەکەن و نوێنەری هەموو حزبە ئیسلامییەکانی تێدایە و پێکەوە وتار دادەنێن و تا ڕادەیەکی باش پابەندن و کار دەکرێت زیاتر پابەند بن، چونکە وتارەکان بە شێوەیەکی ئامادەکراو و شەرعی و زانستی دادەنرێن.''
نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: ''هیوادارین مامۆستایانی زیاتی پابەند بن و هەر مامۆستایەکی ئێمەش دەیەوێت وەکوو ئەندامی بۆرد ڕۆڵی هەبیت و پێشنیاز بکات، دەتوانێت بەشدار بێت و ڕۆڵی هەبێت و وتاریش بنووسێتەوە، بۆیە ئەو بۆردە کاری خۆی دەکات و پاشگەزبوونەوەی نییە.''
گوتیشی: ''بۆ هەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیش مامۆستایانی ئایینی لە وتارەکانیاندا ڕۆڵیان هەیە و باسی دەکەن، بۆیە ئەوانەی پابەندیش نەبن بە وتارەکانی بۆردی وتاردان، دەتوانن و داوایان لێ دەکەین ڕێنوێنی بکەن و پێشنیاز بکەن و هەرچی باشە پێشکەشی بکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش سوودی لێ وەرگرین.''
بڵند ئیبراهیم




