ئومێد ئەحمەد: پرسی قەرزی کارەبا لەگەڵ سیستەمی کارت تێکەڵ ناکەین
_(1)__2022_10_11_h15m37s10__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەپێی پلانێکی وەزارەتی کارەبا دەست بە جێبەجێکردنی سیستەمی پێدانی کارەبا بە کارت کراوە و گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، سیستەمەکە بەرفراوانتر دەکرێت و بابەتی قەرزی پێشووی کارەبا تێکەڵی سیستەمەکە ناکەن.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پلانی گۆڕینی پێدانی کارەبا بە کارت لە قۆناغی یەکەم وەک پڕۆژەیەکی نموونەیی ئەزموونی دەستی پێ کردووە و بە وەرگرتنی ئەزموون ھێدی ھێدی فراوانی دەکەین و لە چەند گەڕەک و شوێنی دیکە جێبەجێ دەکرێت، چاوەڕێی گەڕانەوەی داتاکانین و دواتر وەزارەت پێداچوونەوە دەکات و لەو شوێنانەی فیدەری بەردەوامی ھەیە، سیستەمی پریپەید، واتە پێدانی کارەبا بە کارت جێبەجێ دەکرێت.''
لەبارەی وەرگرتنەوەی پارە لەو ھاوبەشانەی دەکرێنە سیستمی پریپەید، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "جارێ بابەتی قەرزی کارەبا لەگەڵ سیستەمی نوێ تێکەڵ ناکەین وەک وەزارەت، ئەوەیشی قەرزی کارەبای لایە دەزانێت چەند قەرزدارە.''
ئومێد ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ''سیستەمی پریپەید بە سیستەمی زیرەک جێبەجێ دەکرێت، واتە پێشتر دەبێت ئەو شوێنانە سیستەمی زیرەکی کارەبان ھەبێت، ئینجا دەکرێتە پریپەید و دەبێتە کارت و ھیچ ئامێرێکی دیکە بەکار نایەنین ھەر پێوەری زیرەک بەکار دێت، پێوەری زیرەک زۆر ئەرکی ھەیە وەک چاودێریی کارەبا و پریپەید و زێدەڕۆ ئاشکرا دەکات و زۆر شتی پێ دەکرێت.''
قائید میرۆ




