٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەگەر حکوومەتی عێراق بە ئیدارەی هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان ڕازی نەبێت پێویستە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین -KDP.info- لە خانەقین حکوومەتی عێراق فەرمانی داوە پێویستە سەرجەم هێزەکانی کورد لە خانەقین بچنە دەرەوە، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتیش بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان دەڵێ، پێویستە حکوومەتی هەرێم فشار لە بەغدا بکات مادام ماددەی 140یان جێبەجێ نەکردووە، پێویستە تا ئەو ماددەیە جێبەجێ دەکرێت بە هاوبەشی ئیدارەی ئەو ناوچانە بکرێت، ئەگەرنا سکاڵا لە دادگا تۆمار بکەن کە پێشێلی دەستووریان کردووە.

بەرپرسی لقی15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''فەرماندەی هێزی هاوبەش بڕیاری داوە کە هەرچی هێزی کوردی هەیە لە خانەقین پێویستە بچنە دەرەوە، ئەمەش بەتەنها نابێت و دواتر داخستنی بارەگای حیزبە کوردییەکانیشی بەدوادا دێت و فەرماندەی هێزەکانی دیالە ڕاسپێردراوە فەرمانەکە جێبەجێ بکات و سوورن جێبەجێی بکەن، کە ئەمەش مەترسیدارە، هەرچەندە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی کورد هاتوونەتە سەرخەت، بەڵام هێشتا چارەسەر نەبووە.''

هەر لەم بارەیەوە، دژوار فایق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  ''لە 2007ـوە حکوومەتی عێراق ماددەی 140ی جێبەجێ نەکرد، مادام ئەو کارەی نەکرد ناکرێت بە تەنها دەسەڵاتی لەو ناوچانە هەبێت، بۆیە پێویستە کورد لە بەغدا ڕێگە نەدات مادام ماددەی 140 جێبەجێ نەکەن بە تەنهاش ئەو ناوچانە بەڕێوە نەبەن، بۆیە پێویستە لە خانەقین تا شنگال بە هاوبەشی بەڕێوەی ببەن، ئەمە یاسایە، ئەوەی لە خانەقین دەکرێت دژی ماددەی 140 و ڕێککەوتنەکانە، بۆیە پێویستە کورد فشار بکات کە ماددەی 140 جێبەجێ ناکەن، بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، ئەگەرنا پەنا بۆ دادگا ببەن و سکاڵا تۆمار بکەن.''

دژوار فایق گوتیشی: ''جێبەجێنەکردنی ماددەی140 پێشێلکردنی دەستوورە و مافی کورد پێشێل کراوە و داعشیش نەبوونی هەماهەنگی بۆ خۆیان لەو ناوچانە قۆستووەتەوە، بۆیە جموجۆڵ و چاڵاکییان زۆرە، ناکرێت حکوومەتی عێراق یەکلایەنە دەسەڵات لەو ناوچانە بگرێتە دەست، کە ئەوان هۆکاری جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ن، ئێستا ئەوەی لە خانەقین و شوێنەکانی دیکە ڕوو دەدات، پێویستە حکوومەتی هەرێم بێتە سەرخەت و داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بکات، یان ماددەی140 جێبەجێ بکەن، یاخود تا ئەو ماددەیە جێبەجێ دەکرێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و داعش نەمێنێت لە ناوچەکە، ئەمەش داوایەکی یاسایی و دەستوورییە کە ئەوان پێشێلیان کردووە.''

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار