سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

ههولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، پێشوازیى له باڵوێزى ئهڵمانیا له عێراق كرد و بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئاڵوگۆڕ کرا.
ئهمڕۆ دووشهممه 10/10/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارتن یێگەر باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد و سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی حکوومەتی ئەڵمانیاشی کرد.
باڵوێزی ئەڵمانیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئاڵوگۆڕ کرا، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی بەشداریی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری سیاسیی عێراق و هاوسەنگی و سازان کردەوە.
ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




