لەبارەی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانەوە پەرلەمان دوو بڕیاری دەرکرد

بەغدا -KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دوو بڕیاری دەرکرد، یەکەم، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و عێراق سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە تۆپباران کراون و داواش لە پەرلەمانی نێودەوڵەتی کراوە کە هاوکاریی عێراق بکەن لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەی.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانی هەرێمی کوردستان دوو بڕیار درا، ئەوانیش لیژنەیەک لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە تۆپباران کراون، بۆ ئەوەی بزانێت کە زەرەر و زیانەکانی ئەو ناوچانە چەندە و خەمڵاندنێکی بۆ دەکرێت و لە نزیکەوە دۆخەکە دەبینن.''
سەگڤان سندی گوتیشی: ''بڕیاری دووەم، بڕیارە پەرلەمانی نێودەوڵەتی کۆ بێتەوە لەم ڕۆژانە و داوای لێ کراوە بە شێوەیەکی فەرمی کە هاوکاریی عێراق بکات بۆ ئەوەی سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێت، چونکە بڕگەیەک هەیە بە ناوی فریاکەوتن، بۆیە بەپێی ئەو بڕگەیە داوا دەکات و ئەوە کارێکی باشە، چونکە هەموو وڵاتان تێیدا بەشدارن و ئەگەر هاوکار بێت هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت، بۆیە هەردوو بڕیار گرنگە''.
بڵند ئیبراهیم




