وەزارەتی کارەبا: ئەمشەو کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی

ھەولێر-KDP.info- بەھۆی چاکسازی لە بۆری غاز چەند کاتژمێرێک کارەبای نیشتیمانی کەمیکردبوو، بەرپرسانی وەزارەتی کارەباش دەڵێن، تەنھا بۆ سێ رۆژ بووە و ئەمشەو تەواوی کارکردن لە چاکسازی بۆری غاز تەواو دەبێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ سێیەم رۆژی پڕۆسەی چاکسازیکردنە لە بۆری ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، بۆیە ئەمشەو کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و ١٨ کاتژمێر کارەبا بە ھاوبەشان دەدەین".
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "لە پڕۆسەی چاکسازی لە بۆری غاز ھەوڵماندا کاتژمێرەکانی کارەبا زۆر کەم ببێتەوە ئەوەش بوو لە نێوان کاتژمێرێك بۆ ٢ کاتژمێر کارەبا کەمی کرد، تاوەکو ئەمشەو چاکسازی تەواو دەبێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "کار لەسەر ٢٥٠ مێگاوات کارەبای نوێ دەکەین بۆ وەرزی زستانە و داخیلی کارەبای نیشتیمانی دەکەین".
ھاوکات دەشڵێ:" لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و لە بازاڕی دھۆک سیستەمی ٢٤ کاتژمێری کارەبا بە کارت کەوتۆتە کار و لەژێر ئەزموونیدایە و تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووە".
عەزیز ڕەسووڵ




