٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبوار تاڵەبانی: ئەمە پێشێلکردنی ماددەی چواری دەستووری عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانیەکان گوتی، حکوومەتی عێراق لەبارەی ئەو بڕیارەی داویەتی لەبارەی وانەی کوردی کە ئەمە پێشێلکردنی ماددەی چواری دەستووری عێراقە و پێویستە رێگری لێ بکرێت و ھەڵوەشێندرێتەوە و سکاڵاش لەسەر ئەو لایەنە تۆمار بکرێت  کە ئەو کارەی کردووە، ئەمەش ئەرکی پەرلەمانی عێراقە بەو کارە ھەڵسێت کە کوردیش تێیدا بەشدارە و بێ دەنگ نەبن و ھەڵوێستیان ھەبێت.

رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانیەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەکاتی دانانی دەستوورەوە کە لەماددەی ٤ باسی ئەوە دەکات زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە عێراق، بەڵام حکوومەتەکانی عێراق تائێستا لە عێراق کاریان پێ نەکردووە و ئەو ماددەیان پێشێلکردووە و لایەنی کوردیش ھەندێک کەمتەرخەم بوون لەپەرلەمانی عێراق کە ھەڵوێستیان ھەبێت و بەزمانی کوردی قسە بکەن، بۆیە حکوومەتی عێراق دەیەوێت بێ بەھایەک بداتە زمانی کوردی و حکوومەتی عێراقیش کەمتەرخەمە و نایەوێت ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکات".

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "پێویستە کورد ھەڵوێستێکی توندی بەرامبەر ئەو بڕیارە ھەبێت و دەتوانێت ئەوەش بکات، چونکە کورد لەپەرلەمانی عێراق بەشدارە و دەتوانێت ھەرچی رێکاری پێویستە بیگرێتەبەر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، چونکە ئێستا ئەوە پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە لەپەرلەمانی عێراق، ھاوکات حکوومەتی عێراق ئەو بڕیارەی داوە کە بۆ ناوچە کوردستانیەکانە و ئەوان بەتاکڕەوانە بەڕێوەی دەبەن، بۆیە ئەوەش پەیوەندی بەدەستوورەوە ھەیە و پەرلەمانیش ھەم ئەرکی چاودێری و ھەمیش یاسادانانە، بۆیە پێویستە چاودێری پێشێلکردنی دەستوور بکات و رێگری بکات".

تاڵەبانی ڕوونیشیکردەوە: "دەتوانن سکاڵاش لەسه‌ر لایەنە تۆمار بکه‌ن کە دەستووری پێشێلکردووە، بۆیە نابێت رێگە بدرێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و پێویستە لیژنەیەکی پسپۆر لەپەرلەمانی عێراق کە لیژنەی پەروەردەیە بەوکارە ھەڵسێت و رێگربێت، چونکە حکوومەتی عێراق ھەموو جۆرە پێشێلکاریەک دەکەن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، لەبەر ئەوەی لەوە گەورەتریان کردووە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار