٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە: ھەوڵدەدرێت ھەر جارە و وەجبەیەک دامەزرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣١ ھەزار وانەبێژمان ھەیە و دامەزراندنی ھەمووان بەیەک جار زەحمەتە، بەڵام بەردەوام کار دەکرێت و ھەوڵدەدرێت ھەر جارە و وەجبەیەک دامەزرێن.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە بۆ ئەمساڵ پەرتووکی پێویستمان چاپکردووە و ھەمووی ئامادەیە و ڕەنگە لەڕووی تەکنیکی و گەیاندنەوە ئەگەر کێشەیەک ھەبێت و تائێستاش کێشەمان نەبووە و ئەوەی پێویستە کراوە، ھەروەھا ئەو گۆرانکاریانەی پێویست بوون ئەوانیش کراون و کێشەی پەرتووکمان نیە و ئەگەر ھەبێت کێشەی تەکنیکییە، بەڵام تائێستا ئێمەیان لێ ئاگادار نەکردۆتەوە کە کێشە ھەبێت".

دکتۆر سەیوان فەرج گوتیشی: "بۆ دامەزراندن یاخود بەگرێبەستکردنی وانەبێژان بەجارێ لە توانادا نیە ٣١ ھەزار کەس دامەزرێت کە ئەوەندە وانەبێژمان ھەیە، بەڵام ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەرچی پێویستە بۆیان بکەین و داواکاریمان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بەڵام نەک بەو شێوەیە ھەموو وانەبێژەکان دامەزرێن و لەگەڵ نوێنەری وانەبێژانیش قسەمان کردووە و ئەوانیش باسیان لەوەکردووە ھەمووان بەجارێک دانەمەزرێن، چونکە لەوە تێدەگەن بەجارێک ئەو کارە ناکرێت، بەڵام دەستپێبکرێت و ھەر جارەو وەجبەیەک دامەزرێن ساڵانە و ئێمەش بەردەوام کاری لەسەر دەکەین، بۆیە ھەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنیان بەردەوامە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار