نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش ڕادەست دەکرێت

بەردەڕەش -KDP.info- سەرپەرشتیاری دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش گوتی، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش تەواو بووە و بڕیارە ئەم هەفتەیە ڕادەست بکرێت و دواتریش پێداویستی و پزیشک و کارمەندی بۆ دابین بکرێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
ئەندازیار ساڵح کانیلانی، سەرپەرشتیاری دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش نزیکەی مانگێک دەبێت تەواو بووە و هیچ کارێکی نەماوە و نووسراوێکمان بۆ پارێزگای دهۆک کردووە بۆ ئەوەی ڕادەست بکرێت و بڕیار وایە ئەم هەفتەیە لەڕێگەی لیژنەیەکەوە ڕادەستی حکوومەتی بکەین و کاری دروستکردنەکە تەواو دەبێت و لای ئێمە بەکۆتا دێت.''
ئەندازیار ساڵح کانیلانی گوتیشی: ''هەرکاتێک ڕادەست کرا ئەوکات پێویستی بە دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی بە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، چونکە ئامێری پزیشکی زۆر گرانە و وەزیری تەندروستییش بەلێنی داوە کە پزیشک و کارمەندمان بۆ دابین بکات، چونکە دامەزراندن نییە لە شوێنی دیکە بۆمان دابین دەکرێت.''
بەردەڕەش تاوەکوو ئێستا نەخۆشخانەی نییە و بەم دواییانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بۆ دروست کرا بە گوژمەی ملیارێک و500 ملیۆن دینار و ئێستا بینای نەخۆشخانەکە تەواو بووە و تەنیا ماوە پێداویستی و پزیشک و کارمەندی بۆ دابین بکرێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی بەردەڕەشەوە.
بڵند ئیبراهیم




