٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ ئاژگەیی لەبارەی پێوەندیی نێوان ھەرێم و بەریتانیا بە کردنەوەی "لاپەڕەی تازەو بەھێز" زانیاری دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

بەریتانیا -KDP.info- پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەریتانیاش لە گەشەسەندن دایە، هەربۆیە کارگێڕی لقی ٦ی پارتی لە ئەورووپا دەڵێت، هەڵوێستی ئەو وڵاتە بەڕوونی هەموو کاتێك جەختی لەسەر دەکرێتەوە، کە پشتگیریکردنە لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لەناو عێراقێکی دیموکراسی و گەشەسەندوودا.

پرسیار دەکەین، ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کە لە ڕاستیدا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ناگەڕینەوە بۆ ساردیی مێژووییی ئەو پەیوەندیانە کە بە چەندین قۆناخی جیاجیا و هەوراز و نشێودا تێ پەڕیوە. ئەوەی کە گرینگە ئێستا باسی لێوە بکرێت پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەریتانیا و هەڵوێستی ئەو وڵاتە بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

لەم بارەیەوە، خەسرۆ ئاژگەیی، کاگێڕی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەتوانم ئەوە بڵێم کەوا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٧، ئەو وڵاتە کرانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە لە هەموو ڕووەکانەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ڕۆڵی بەریتانیا هەموو کاتێك گرینگ و کاریگەرە لە عێراق و ناوچەکە و لە هەموو هاوکێشەکاندا قسە و ڕا و بۆچوونی خۆی هەیە و گوێی لێ دەگیرێت. ئەو وڵاتە هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمان وەسف دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کەوا هەرێمی کوردستان بڕوای بە هەمان ئەو بەها شارستانییانە هەیە کە لە بەریتانیا و ڕۆژئاوا پەیڕەو دەکرێن. بەریتانیا ڕۆڵی گرینگ و سەرەکی دەبینێت لە هاریکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگای ڕاهێنان و هاریکاریی تەکنیکی بۆ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.''

ئاژگەیی دەشڵێت ''هەڵوێستی بەریتانیا بەڕوونی هەموو کاتێك جەختی لەسەر دەکرێتەوە، کە پشتگیریکردنە لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لەناو عێراقێکی دیموکراسی و گەشەسەندوودا. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا گەیشتە لوتکە کاتێك بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا بەفەرمی بانگهێشتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەریتانیا و لە خانووی ژمارە ١٠ داونینگ ستریت وەك سەرۆكی وڵاتێك پێشوازی لێ کرا. ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرگای بەسەر هەماهەنگییەکان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە و سەردەمێکی تازەی پەیوەندییەکانی لێ کەوتەوە.''

هاوکات لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، داوەتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ سەردانی بەریتانیا. لەو سەردانەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە سەرۆكوەزیران و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتە. هەروەك چاودێرێکیش گوتی، سەرۆكی هیچ وڵاتێکیش لە سەردانەکانیاندا بۆ بەریتانیا ئەو هەموو دیدارە گرینگەیان بۆ ڕێك نەخراوە کە بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان ڕێک دەخرێن. سەردانی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا باشترین بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ئەو بایەخە گرینگەی کە وڵاتی بەریتانیا بە هەرێمی کوردستانی دەدات و دەرەنجامەکانی ئەو دوو سەردانە سەرکەوتووە کاریگەرییەکی گەورەیان کردە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و لاپەڕەیەکی تازەی بەهێزیان کردەوە بۆ پەیوەندیی تۆکمە و هەماهەنگیی زیاتر لە هەموو بوارەکاندا.''

خەسرۆ ئاژگەیی ئاماژەی بەوە دا: "داوەتنامەی فەرمیی بەریتانیا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و پرسەی شاژنی شانشینی یەگرتوو، ئەلیزابێسی دووەم، وەرچەرخانێکی مێژووییی گرینگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بە شانی شا و سەرۆك و ڕێبەرانی جیهان بەشداریی لە تەواوی ڕێوڕەسمە فەرمییەکاندا کرد و وەك سەرۆكی هەموو شاندەکانی تر بەفەرمی پێشوازیی لێ کرا. ئەو بایەخدانەی بەریتانیا بە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێگە گرینگەکەی هەرێم لە ناوچەکە و ئەو ڕۆڵە ستراتیژییەی کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەیبینێت و بە سیاسەتێکی حەکیمانە و دیپلۆماسییانەوە لە ناوچەیەکی کێشەداردا مامەڵە لەگەڵ تەنگژەکاندا دەکات.''

کاگێڕی لقی ٦ی پارتی لە ئەورووپا زیاتر دەڵێت: "بەریتانیا زۆر سەرسامە بە ئازادی و دیموکراسیەتی کوردستان و هەرێم بە سیمبولی دیموکراسیەت لە ناوچەکەدا وەسف دەکات. شانازیی خۆیشی بە قارەمانیەتیی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵی کاریگەریان لە شکستهێنان بە گرووپی تیرۆریستیی داعش ناشارێتەوە. جەیمس هیپی لە بۆنەیەکدا هەرێمی کوردستان بە "برایانمان لە چەکەوە" وەسف دەکات و دەڵێت لە پشتگیرییەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین. هەمومان دەبینین کەوا بەریتانیا هەموو کاتێك لە وڵاتە یەکەمەکانی جیهانە لە ئیدانە و مەحکوومکردنی هەر هێرشێك بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەموو ڕێگایەك دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگە لەو هێرشانە بگیرێت. کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی لەسەر خەتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیان لەسەر پاڵپشتیی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان. ئەوەتا لە ماوەی دوو هەفتەدا، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوە و لۆرد ئەحمەد، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.''

خەسرۆ ئاژگەیی دەشڵێت: ''پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا چالاکانە هەنگاوەکانیان لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان دەنێن، لەو سۆنگۆیەشەوە گرووپێکی دۆستایەتیی تایبەتیان بە هەرێمی کوردستان هەیە و بە بەردەوامی لە ڕێگای پرسیاری نووسراو و زارەکی پرسی گەلی کوردستان وەبیر کاربەدەستانی وڵات دەهێننەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە."

هاوکات هەرچەندە وڵاتی بەریتانیا بە ژمارەیەك تەنگژەی ناوخۆدا تێ دەپەڕێت لە هەموو ڕووەکانەوە و حکوومەتی ئەو وڵاتە سەرقاڵی کێشە ناوخۆیییەکانە، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەندیی هەیە بە دەرکەوتەکانی برێکزت و نەخۆشیی کۆرۆنا و شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و کێشەی وزە و تەنگژەی دارایی، بەڵام ئەو وڵاتە مکوڕە لەسەر ئەوەی لە ڕۆڵی گرینگی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی پاشگەز نەبێتەوە، بە پێچەوانەوە پێگە و کاریگەریی خۆی لە تەنگژە نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت و بەهێزتری بکات، هەروەك جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پەراوێزی کۆنفرانسی پارتەکەی کە هەفتەی ڕابردوو لە شاری بێرمینگهام بەڕێوەچوو گوتی: "بەریتانیا ڕۆڵی چاودێر لە یارییەکاندا نابینێت، بەڵکوو لەناو یاریگا دەبێت و ڕۆڵ لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دەبینێت.''

ئاژگەیی گوتیشی: "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوون و بەرزبوونەوەدان. کۆمپانیا بەریتانیاکان لە بوارە جیاکاندا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ساڵانە کۆڕبەندی ئابووریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق لە لەندەن دەبەسترێت. خواستێکی یەکجار زۆر لای کۆمپانیا بەریتانییەکان هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن. ئاسانکارییەکانی پێدانی ڤیزەش لەلایەن بەریتانیاوە بۆ پیاوانی کار و کۆمپانیا کوردستانییەکان ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و کۆکردنەوەی بازرگانانی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە وڵاتی بەریتانیا.''

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار