" لە سەنتەری دھۆک ٨٠ شەقام قیرتاو دەکرێن"

دهۆک -KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک ئاشکرای کرد، لە درێژەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک بڕیارە ٨٠ شەقامی نێو سەنتەری شاری دھۆک قیرتاو بکرێن و دھۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانییەوە.
ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی پلانێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک لە سنووری ھەردوو شارەوانیی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای شاری دھۆک نزیکەی ٨٠ شەقامی نێو سەنتەری شاری دھۆک قیرتاو دەکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش گوژمەی نۆ ملیار دینار تەرخان کراوە، لەوانەش، ٤٢ شەقامی لە سنووری شارەوانیی ڕۆژھەڵات و ٣٨ شەقامی دیکەش لە سنووری شارەوانیی ڕۆژئاوای دھۆکن.''
گوتەبێژی شارەوانیی دھۆک دەڵێت: "پێشتریش چەند شەقامێکی نێو سەنتەری دھۆک قیرتاو کراون، لەوانەش دروستکردنی شەقامێکی ٣٠ی مەتری بە گوژمەی سێ ملیار دیناری عێراقی و دەمانەوێت لە ڕووی ڕێگەوبانەوە زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی دھۆک بکەین.''
ئیسماعیل مستەفا ڕوونی کردەوە: "جگە لە پڕۆژەی ڕێگاوبان ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری خراونەتە واری جێبەجێکردن و بڕیارە ژمارەیەکی دیکەش جێبەجێ بکرێن بە تەواوبوونیان دھۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی، بەتایبەتی گرینگیی زیاتر بە ڕێگەوبانەکانی دھۆک دەدرێت.''
قائید میرۆ




