٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت 30 هەزار و 740 قوتابی بگەڕێنێتەوە بەر خوێندن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەیەکمان هەیە بە ناوی گەڕانەوە بۆ فێربوون و ئامانجمانە ئەو قوتابییانەی کە نەچوونەتە بەر خوێندن، یاخود بە هەر هۆکارێک لە خوێندن دابڕاون، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن و، دەمانەوێت 30 هەزار و 740 قوتابی بگەڕێنینەوە بۆ بەر خوێندن.

بەشدار سەرباز مەولوود، بەڕێوەبەری پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەیەکمان هەیە بە ناوی گەڕانەوە بۆ فێربوون کە   2018 و 2019دەستی پێ کرد و تا ئێستاش بەردەوامە و سەرەتا لە هەولێر لە قوشتەپە و دارەتوو و بنەسڵاوە و خەبات وەکوو تێست دەستمان پێ کرد و نزیکەی زیاتر لە هەزار کەسمان بۆ خوێندن گەڕاندەوە و ئەمساڵیش بەردەوامین و ئامانجمانە 30 هەزار و 740 قوتابی بگەڕێنینەوە بۆ خوێندن بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان، چونکە پێویستمان بە لایەنی دارایی هەیە کە ڕێکخراوەکان دابینی دەکەن.''

بەشدار سەرباز مەولوود گوتیشی: چەندین تیم بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دروست کراون کە زیاتر لە 300 کەس دەبن و تیمی گەڕۆکن دەچنە ئەو ماڵانەی کە منداڵەکانیان لە خوێندن دابڕاون، یاخود هەر نەچوون بۆ خوێندن بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکەین و بگەڕێنەوە بۆ خوێندن و سیستەمێکیشمان هەیە بە ناوی  (e_parwarda)تاوەکوو 1/11 کراوە دەبێت و دەتواندرێت قوتابی داخیل بکرێت و دواتر ناتوانن داخیل بکرێن و سیستەمێکیشمان هەیە ئەویش بە ناوی  www.backtolearning.comلەوێ دیار دەبێت کە چەند قوتابی گەڕاونەتەوە و لە کوێ ولە چ شارێک و تەواوی زانیارییەکانی تێدایە.''

مەولوود گوتیشی: ''دوو جۆر گەڕانەوەی قوتابیمان هەیە، جۆرێکی ئێمە دەچینە ماڵیان و جۆرێکیشی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە دەگەڕێنەوە و ئەوانەی ناگەڕێنەوە، ئەوانیش داخیلی سیستەمی خۆمان دەکەین، پرۆسەکەش ساڵانە بەردەوام دەبێت، بۆیە پرۆسەکە زۆر سەرکەوتووە و بەغداش هاتووەتە سەر خەت، ئەوانیش هەمان سیستەم بەکار دێنن.''

ڕوونیشی کردەوە: خەڵک پێشوازیی زۆر باشمان لێ دەکەن، ئەگەڕ قوتابییەکان بگەڕێنەوە، یاخود نا، بەڵام هەر یەکە و بە جۆرێک لە خوێندن دابڕاون، بۆیە هۆکارەکان جیاجیان .

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار