بڕیارێکی نوێ بۆ دانانی بۆردی رێکلام لە تەنیشت و ناوەڕاستی جادەکان دەردەچێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەمەودوا نابێت ھیچ بۆردێکی رێکلام لە تەنیشت و ناوەڕاستی جادەکان دابنرێت و ئەوەی ھەشە پێویستە لە ماوەی مانگێک لابدرێن، ھاوکات دانانی بۆردی رێکلام لە رێگەی کۆمپانیاوە دەبێت، ھەروەھا دەڵێ، گرێبەستمان لە گەڵ کۆمپانیا کردووە کە بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە دادەنرێن کە سیمایەکی جوان بداتە شەقامەکان و داھاتێکیش بۆ حکوومەت بگەرێنێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی ھەیە بۆ ئەوەی تەنیشت و ناوەڕاستی رێگاکان بۆردی رێکلامی لەسەر دابنرێت بە شێوەیەک بێت بەپێی یاسا و رێنمایەکان بێت، لە ئێستاشدا لە سێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرین گرێبەستمان لە گەڵ کۆمپانیایەک کردووە بەناوی سوپەر ڤیژن کە تەنیشت رێگاکان ھەمووی خاوێن دەکاتەوە و کەس لە خۆیەوە ناتوانێت بۆردێک یان رێکلامێک دانێت بە شێوەی ئێستا کە ھەیە، ھەروەھا لەمەودوا ھەر رێکلامێک دابنرێت لە رێگاکان گرێبەست لە گەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکات کە ھەم سیمایەکی جوان و بە شێوەیەکی شارستانی دادەنرێت و ھەمیش داھاتێک دەبێت بۆ حکوومەتیش".
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆمپانیای ئەندازیاری ڕەنگ ئەو بەو کارە ھەڵدەستێت و ئەوەی بیەوێت لەو سنوورە رێکلام بکات لە رێگاکان پێویستە لە رێگەی ئەو کۆمپانیایە بێت، ئەمەش کارێکی زۆر باشە و تەنیشتی رێگاکان رێکدەخات لەو فەوزایەی ھەیە و سەرچاوەیەکی داھاتیش بۆ حکوومەت دەبێت و بۆردەکان بەشێوەیەک دادەنرێن کە کاریگەری لەسەر سەلامەتی رێگاکە نەبێت، ھاوکات لە دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش خەریکە بدرێتە کۆمپانیایەک کە ئەوانیش بەو کارە ھەڵسن".
عەبدوڵڵا ڕوونیشیکردەوە: "دانانی بۆردەکان بە شێوەیەکی زۆر جوان دادەنرێن ھاوشێوەی ناو شارە کە بەشێکی ڕووناککەرەوەی تێدا دەبێت و سیمایەکی جوان دەبێت و دەبێتە جوانکاری بۆ رێگاکانیش، چونکە کۆمپانیاکان لە خۆیانەوە رێکلام لە سەر رێگاکان دادەنێن، بۆیە ئەوانە ھەمووی لادەدرێن و ئەوەی بیەوێت لەرێگەی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت کە ڕاسپێردراون و گرێبەستیان بۆ کراوە، بۆیە دانانی بۆردەکان بە ئاگاداری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەبێت و پێویستە لەگەڵ ئادابی گشتی بگونجێت".
ناوبراو وتیشی: "ماوەی مانگێک بۆ ئەوانەی دانراون دیاریکراوە، گەر خۆیان لای نەدەن لەرێگەی ئیدارەکانەوە لادەدرێن".
بڵند ئیبراھیم




