گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: ڕۆژمێری کشتوکاڵ دەر دەکرێت و کێشەکان چارەسەر دەکرێن

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ خەریکی دەرکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵین بۆ ڕێکخستنی کەرتی کشتوکاڵ و دەشڵێت، کێشەی ھەناردەکردنی بەرھەمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق چارەسەر کراوە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر کراوە و ئەو ڕێگرییەی پێشتر حکوومەتی فیدراڵ دەیکرد ئێستا باشترە و ئاستەنگەکان کەم کراونەتەوە، چونکە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ پشتگیریی جووتیاران دەکات و ھەر جووتیارێک بیەوێت بەرھەمەکەی ھەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکات ئێمە ھاوکاری دەبین.''
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "لە کاتی گواستنەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ بەرھەمەکە دەکرێت، تا لە ڕێگە و بازگەکان ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت، وەک ئەوەی پێشتر ڕووی دا و ڕێگری لە جووتیاران دەکرا.''
حوسێن حەمە کەریم ڕوونی کردەوە: "ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ لە ھەوڵی ئەوەدان ڕۆژمێری کشتوکاڵیی ھاوبەش دەردەکەن، بە دەرکردنی ڕۆژمێری ھاوبەش زۆربەی ئەو کێشانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا ھەن لە نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر دەکرێن، چونکە ڕۆژمێری کشتوکاڵی دەبێتە ھۆکاری ڕێکخستنی ھاوردە و ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵ لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستانیش''
قائید میرۆ




