کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکان کەمکرایەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داشکاندنی کرێی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکان کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکان (پارالێڵ - ئێواران) بە رێژەی 45%؛ داشکاندنی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە رێژەی 10% بۆ 20% بەپێی رانکی زانکۆکان دەبێت.
ئەم بڕیارە لە ساڵانی رابردوودا، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەریکرد و بۆ ئەمساڵی خوێندنیش درێژی کردەوە.
زانکۆ حکوومییەکان
داشکانى رێژەى 45% لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێوارانى گشت قۆناخەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکوومییەکان و دامودەزگەکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023.)
زانکۆ تایبەتەکان
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بەپێى ئەنجامەکانى ریزبەندى نیشتمانیى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەیە:
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بە رێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بە رێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بە رێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە رێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.
فائیزه كۆیی




