وەزارەتی خوێندنی باڵا: ھەر قوتابییەک ئەمساڵ داواکاریی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان پێشکەش کردبێت، وەردەگیرێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەر قوتابییەک ئەمساڵ داواکاریی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان پێشکەش کردبێت، وەردەگیرێت، چونکە کورسیی پێویست بۆ ھەموو قوتابییان ھەیە و ئێستا خەریکی ناوەکانیان و لە ماوەیەکی نزیکدا ڕایدەگەیەنین.
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای تەواوبوونی زانکۆلاین و درێژکردنەوەی وادەکە و کۆتاییھاتنی، ئێستا بەرنامەیەکمان ھەیە و بەپێی ئەو بەرنامەیە قوتابیان بەپێی نمرەکانیان بەسەر زانکۆ و پەیمانگەکاندا دابەش دەکرێن کە ٣٦ ھەزار قوتابی بۆی ھەبوو داواکاری پێشکەش بکەن لەگەڵ بەشێکی ساڵی ڕابردوو مابوون، زۆرینەیان داواکارییان پێشکەش کردووە، ئێمە توانامان ھەیە ھەموویان وەربگرین، ئەوەی داواکاریی پێشکەش کردووە، مەگەر بەشێک لە قوتابییان خۆیان بیانەوێت لە زانکۆ ئەھلییەکان بخوێنن''.
عەبدولڕەزاق گوتیشی: "پرۆسەی دابەشکردنی قوتابییان بەسەر زانکۆ و پەیمانگاکاندا زۆر ناخایەنێت و لە ماوەیەکی کەمدا یەکلاییی دەکەینەوە، ھەر قوتابییەکیش بەپێی نمرەی خۆی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێت، ئەوەی گرنگیشە ھەموو قوتابییان ئەمساڵ وەردەگیرێن''.
بڵند ئیبراھیم




