سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، پێشوازیی له باڵوێزى ئوسترالیا له عێراق كرد و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیایان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/10/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاولا گانلی، باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا تاوتوێ کران.
باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوو لایەنە و هاریکاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای خستنەڕووی کورتەیەک دەرباری چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور کرد، بە شێوەیەک کە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پرنسیپەکانی هاوسەنگیی و بەشداریی ڕاستەقینە و سازان بگیرێت.
دۆخی ئاوارە و پەنابەران و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.




