٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشێکی ئەو دۆلارەی دەخرێتە بازاڕه‌وه‌ بانکی نیشتیمانی ئەنجامی دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان ئاشکرایکرد، دوای دەست بەکاربوونی بانکی نیشتیمانی لە ساڵی ئایندە دۆلار لە رێگەی ئەو بانکەوە دەخرێتە بازاڕ و دەشڵێ، کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو دەبێت.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ساڵی داھاتوو بانکی نیشتیمانی ھەرێم دەکەوێتە کار و کاریگەری لەسەر رەوشی بازاڕی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە جگە لە رێکخستنەوەی کاری بانکی ئەو بانکە مافی پێدانی پێشینەکانی ھەیە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین خزمەتگوزاری بانکی سوودمەند دەبن لەبەر ئەوەش دامەزراندنی بانکی نیشتیمانی کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان گوتیشی: "رۆژانە لەلایەن بانکی نیشتیمانی ھەرێمی کوردستانەوە دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە، چونکە لە ئێستادا بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیاکانی دراوەوە دۆلار دەخاتە بازاڕ و ئەگەر بانکی ھەرێم دەست بەکاربێت ئەو کارە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەکرێت".

مەولوود سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بەشێکی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕ بانکی نیشتیمانی ئەنجامی دەدات و ئەو ھەنگاوەش کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو لەھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە بەپێی سیستەمی بانکی رۆژانە دۆلار لە رێگەی چەند کۆمپانیایەک دەخرێتە بازاڕ و دابەش دەکرێت، ئەمەش یەکێکە لە ھەنگاوە ئەرێنیەکانی بانکی نیشتیمانی".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار