٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شاندێکی باڵای وەبەرھێنەرانی ئوردن دێنە ھەرێمی کوردستان"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای بەڕێوەچوونی مونتەدای ئابووریی نێوان ھەرێم و شانشینی ئوردن، بڕیارە وەبەرھێنەرانی ئوردن ڕۆڵیان ھەبێت لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسێکی وەبەرھێنانیش دەڵێ، بڕیارە شاندێکی باڵای وەبەرھێنەرانی ئوردن بێنە ھەرێمی کوردستان.

کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بە  بەشداریی بەرپرسان و وەبەرھێنەرانی ھەردوولا کۆڕبەندی ئابووریی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئوردن بەڕێوە چوو، ھەر لە چوارچێوەی کوڕبەندی ھاوبەشی ئابووریدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوردن ئیمزا کرا، تا لەمەودوا ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەبێت لە نێوانمان، کۆڕبەندەکە بە ھەماھەنگی لە نێوان دەستەی وەبەرھێنەرانی کوردستان و کۆمەڵەی پیاوانی خاوەنکاری ئوردن ڕێک خرابوو.''

جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەران دەڵێت: "ئوردن ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە کەرتەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی، لەبەر ئەوەیش ھەرێمی کوردستان دەیەوێ وەبەرھێنەران و خاوەنکارانی ئوردن ڕۆڵیان ھەبێت لەو کەرتانە لە ھەرێمی کوردستان.''

کەمال ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ''بڕیارە شاندێکی باڵای وەبەرھێنەرانی ئوردن سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لە چوارچێوەی یاسای وەبەرھێناندا کار بۆ بەشداریکردن لە کەرتی وەبەرھێناندا بکەن، بەتایبەتی چەند ناوچەیەکی پیشەسازیی گەورە لەسەر نەخشەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ھەن و وەبەرھێنەرانی ئوردن دەتوانن ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن، پێشتریش ژمارەیەک کۆمپانیا و وەبەرھێنەری ئوردنی لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کارا نەبوون.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار