"پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی داگیرکاریی زەوی بەڕێوە دەبات''

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە لەبارەی زێدەڕۆیی و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش ئاشکرای کرد، لە سلێمانی و ڕاپەڕین بە ناوی شەھید و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەوە زەوی داگیر کراوە، لەبەر ئەوە پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.
ڕزگار حەمەد مەحموود، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی شارەوانییەکان بەدواچوونی بۆ داگیرکردن و بەھەدەردانی زەوی لە سنووری ھەرچوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین لەبارەی داگیرکردن و زێدەڕۆیی بۆ سەر زەوی لە ھەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییھێنان بە ڕاپۆرتەکە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەین و کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی ئەو بابەتە بە ئامادەبوونی لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بەڕێوە دەچێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانی ڕوونی کردەوە: "داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی بە چەند شێوەیەک بەڕێوە دەچێت و دەمانەوێ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کۆتایی بەو زێدەڕۆیانە بھێنین کە بەردەوام بە ناوی جیاوازەوە دەکرێنە سەر زەوی لە ھەرێمی کوردستان.''
لەبارەی پارێزگای سلێمانییەوە ڕزگار حەمەد مەحموود گوتی: "ئەوەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاستە و داگیرکاری ھەبووە لەسەر زەویی موڵکی گشتی، لە ھەندێ شوێن بە ناوی شەھیدانی شەڕی داعش و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەوە زێدەڕۆیی کراوەتە سەر زەویی حکوومەت، بە ناوی ئەوانەوە دەست بەسەر زەویدا گیراوە، کەچی ھێشتا بەشێکی زۆری پێشمەرگە و زیندانییانی سیاسی و خانەوادەی شەھیدان سوودمەند نەبوون لە زەوی.''
قائید میرۆ




