٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: لەجیاتی ئەوەی بۆ هاوکاری چاومان لە دەرەوە بێت یەکگرتنی خۆمان هاوکاریمان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هەرچەندە ئێمە یەکگرتوو بین زیاتر دەستکەوت بەدەست دێنین، ڕاستە حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکەن، بەڵام ناتوانن بڵێن دەستووری نین، بۆیە یەکڕیزی و یەکدەنگیی ئێمە وا دەکات زیاتر دەستکەوتمان هەبێت، چونکە لەجیاتی ئەوەی چاومان لە هاوکاریی دەرەوە بێت، یەکگرتنی ئێمە هاوکاریمان دەکات.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەرکاتێک کورد یەکڕیز بن، دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر مافی کورد بەدەست بێنن و هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر بێت، داوای یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد دەکات و هەرکاتێک یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، ناتواندرێت سزای ئێمە بەردەوام بێت کە وەکوو عەرەب تا ئێستا بۆیان چووەتە سەر، کاتێک کورد یەکدەنگ بوون زۆر دەستکەوت بۆ کورد بەدەست هاتن، وەکوو چەسپاندنی مافی ئێمە و سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا.''

عەلی عەونی گوتیشی: ''هەرچەندە حکوومەتی عێراق وەکوو حکوومەتەکانی پێشوو هێدی هێدی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان کشاوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بڵێن ئەمە دەستووری نییە و ئێستا ئێمە بەپێی دەستوور دەجوڵێینەوە و ناتوانن بڵێن ئەوە دەستووری نییە، بۆیە پێویستە هەمووان هاوکار بین و هاندانی یەکگرتن بکەین و زەمینە لەناو شەقام دروست بکەین لەجیاتی چاومان لە دەرەوە بێت هاوکاریمان بکات، یەکگرتنی خۆمان هاوکاریی ئێمە دەکات.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار