٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان ڕۆژبەیانی: ھیچ لایەنێک ناتوانێت ھەژموونیی خۆی لەسەر مووسڵ بسەپێنێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پارێزگای نەینەوا بەبێ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ئازاد نەدەکرا لەدەست تیرۆریستان و بۆ ھیچ کەس و لایەنێکیش نییە ھەژموونیی خۆی بسەپێنێت لەسەر ئەو پارێزگایە.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''پارێزگای نەینەوا بە ھەوڵ و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ئازاد کراوە لەدەست تیرۆریستانی داعش و نابێت ھیچ کەس و لایەنێک خۆی تێدا بسەپێنێت، چونکە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی نەبووایە، مووسڵ ئازاد نەدەکرا، یەکەم ھەنگاوی ئازادکردنی مووسڵیش لە ھەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد.''

جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارێزگای نەینەوا، پارێزگای ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانیەتی و ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانیشە خزمەتی خەڵکی ئەو پارێزگایە بەبێ جیاوازی بکەن، لە ھەمان کاتدا ھیچ لایەنێک بۆی نییە ھەژموونیی خۆی بسەپێنێ لەسەر نەینەوا.''

سیروان ڕۆژبەیانی گوتی: "پێویستە بەبێ جیاوازی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی نەینەوا دابین بکرێن، ھەموو ئەو پڕۆژانەی ئەنجامیش دراون، لەلایەن وەزارەتی شارەوانیی عێراقەوە بووە کە وەزیرەکەی کوردە و لەسەر لیسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئێمەیش وەک نوێنەرانی کورد لەو پارێزگایە دەمانەوێت بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی ئەو پارێزگایە بکەین.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار