٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەربەست مستەفا: کاتی ئەوە ھاتووە حکوومەتێکی کاتی دابنرێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق گوتی، چیتر کات بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ نەماوە و کاتی ئەوە ھاتووە حکوومەتێکی کاتی دابنرێت تا ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت و تەمەنی لەساڵێک و نیو زیاتر نەبێت و ئەمجارەش بۆ ئەوەی سیناریۆی ئێستا دووبارە نەبێتەوە، بڕگەیەک لەیاسای ھەڵبژاردن زیاد بکرێت، ئەگەر ئەوەی ئەنجامەکان قبووڵ نەکات لەرێگەی کۆمسیۆن یاخود دادگا دوور بخرێتەوە.

سەربەست مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "واساڵێک بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەردەبێت و تائێستا حکوومەتی نوێ دروست نەبووە، کە ئەمەش کارێکی دروست نیە و ھەڵبژاردن دەکرێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵات بکرێت و حکوومەتێکی نوێ دروست بکرێت بەپێی ئەنجامەکان کە کێ سەرکەوتوو بووە و رەوتی سەدر و پارتی و سوننەکان سەرکەوتنیان بەدەستھێنا، بەڵام چەند لایەن رێگر بوون کە حکوومەتی نوێ دروست بکرێت و سەرۆککۆماریش ھەڵبژێرن، بۆیە لایەنەکان رێگربوون رێکارەکانی پێکھێنانی حکوومەت و ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەواو بکرێن، ھۆکارێکی دیکەش دەستوورە کە ھیچ خاڵێکی تێدانیە باس لەوە بکات پەرلەمان نەتوانێ حکوومەت دروست بکات دوای ٣ مانگ و شەش مانگ کە پێویستە ھەڵوەشێتەوە ئەمانە وای کردووە کە دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە ئێستا ھیچ رێگای دیکە نەماوە جگە لەوەی حکوومەتێکی کاتی دابنرێت کە تەمەنی لەساڵێک تا ساڵێک و نیو زیاتر نەبێت، تا ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت".

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق گوتیشی: "بۆ ئەوەی گەرەنتیەک ھەبێت کە ھەڵبژاردنی پێشوەختەکرا لایەنەکان ئەنجامەکان قبووڵ بکەن، ھەروەھا پێویستە لەیاسای ھەڵبژاردنەکان بڕگەیەک زیاد بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان دەکات پێویستە ئیمزا بکات کە پابەندی ئەنجامەکان دەبێت ئەگەرنا کۆمسیۆن یاخود دادگا دووری بخاتەوە، بەو دوو رێگایە ناتواندرێت کێشە دروست بکات، بەپێچەوانەوە گەرەنتی نیە کە ھەمان سیناریۆی ئێستا دووبارەبێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار