لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان: داواکاریی زۆر باشمان بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئامادە کردووە

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی، کۆمەڵێک داواکاریمان ئامادە کردووە بخرێتە بەرنامەی کارنامەی حکوومەت بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کار و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و جێبەجێ بکرێت
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''جەند جارێک لەگەڵ دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گفتوگۆمان کردووە کە ببرێتە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام دۆخی عێراق سەقامگیر نییە و حکوومەتەکەش کاربەڕێکەرە و پێویستە لەگەڵ حکوومەتی نوێ گفتوگۆ بکەین، بۆیە یەکێک لەو خاڵانەی باسمان کردووە بۆ ئەو حزبانەی لە حکوومەتی نوێدا بەشدار دەبن ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ماددەی 140 لە کارنامەی حکوومەتدا جێگیر بکرێت، بۆ ئەوەی کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، دواتر لێپرسینەوە بکات، ئەگەر حکوومەت جێبەجێی نەکرد.''
جوان ڕۆژبەیانی گوتیشی: ''دواتر کە وەفدەکانی ئێمە دەچنە بەغدا ئەوانیش بەرنامەی کار بخەنە بەردەم حکوومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان بکرێتە مەرجێک بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە کە پێشتر ئەوە نەکراوە.''
ڕۆژبەیانی ڕوونیشی کردەوە: ''چارەسەر زۆرن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیەی کە ئێستا لە حکوومەتی عێراق هەیە ڕێگرە لەوەی بەرنامەی ئاساییکردنەوەی ناوچەکە و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، واتا بەرنامە هەیە و خاڵی باش هەیە، بەڵام ڕێگری هەیە.''
گوتیشی: ''هێزە ئەمنییەکان ڕێگر نین، حکوومەتی عێراق ڕێگرە، چونکە ئەوان بەرپرسیارن لە دۆخەکە و بۆشاییی ئەمنی زیاتر دۆخەکەی تێک داوە و بەو شێوەیە ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە.''
بڵند ئیبراهیم




