بەرکەوتووان داوا دەکەن ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی چۆنیەتیی سەرفکردنی بودجەکەیان بکات
__2022_10_02_h15m35s26__ER.jpg)
ھەڵەبجە-KDP.info- بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ٢٦٢ ملیۆن دینار بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەرخان کرا، ھەربۆیە بەرکەوتووان دڵخۆشن بە دابینکردنی پارەی پێویست تاکوو چارەسەر وەربگرن، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانیش داوا دەکات ڕێگە لە گەندەڵی بگیرێت و ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی چۆنیەتیی سەرفی پارەکە بکات.
کەمال جەلال، بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم، بودجەی دابین کردووە بۆ چارەسەرمان لە دەرەوەی وڵات و داوا دەکەین بەردەوام بودجەمان بۆ دابین بکرێت و چارەسەرکردنمان دوا نەکەوێت".
ناوبراو دەشڵێ: "لە ساڵی ٢٠٠٧ـوە حکوومەت دەمنێرێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، ساڵی وا ھەیە سێ جار دەمنێرنە دەرەوە بۆ چارەسەر، دواین چارەسەرم لەسەر خۆم بووە، ئەویش نەشتەرگەری بوو ٢٥٠٠ دۆلار تێچووەکەی بوو''.
ھاوکات حاجی قارەمان ئەحمەد ساڵح، بەرکەوتووێکی تری چەکی کیمیایییە، گوتی: "ئێمە ھەرکات ھاتبن بەدەممانەوە دەستخۆشیمان ھەبووە، پێویستمان بەوەیە بەردەوام ھاوکاری بکرێین و چارەسەر بکرێین، دۆخی تەندروستیمان خراپە، بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەم، پشتیوانی بەرکەوتووان بێت و ساڵانە بودجەمان بۆ دابین بکات تاکوو لە کاتی پێویستدا چارەسەر وەربگرین".
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە دەستخۆشی لە ھەر ھەوڵێک دەکەین خزمەت بە بەرکەوتووان بکات، ئێمە توموحی زیاترمان بە حکوومەت ھەیە، بابەتی کیمیاباران بابەتێکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەڵخانێکە بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان و دڕندەییی ڕژێمی بەعس پێشان دەدات بە جیھان بەرامبەر بە گەلی کورد".
گوتیشی: "بەرکەوتووان بەردەوام دەبێ چاودێری بکرێن و سەردانی پزیشک بکەن لەناو کوردستان و دەرەوە، پێشنیار دەکەین بۆ سەرۆکی حکوومەت بودجەیەک دابین بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەرکەوتووانەی حاڵەتی کتوپڕیان ھەیە و ڕۆتینیات نەمێنێت".
"داواش دەکەین ئەو بودجانەی حکوومەت بۆ بەرکەوتووانی دابی ندەکات، چاودێری چۆنیەتیی سەرفکردنەکەشیان بکەن، ئایا ئەو پارەیە سەرف دەکرێت و بەرکەوتووان تاوەکوو چەند لە خزمەتگوزارییەکان ڕازین، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران خۆیان چاودێریی کەیسەکە بکەن، خەڵکانێک لە لیستی بەرکەوتوواندان کە بریندار نین، ھەشە پێویستی بە چارەسەر نییە، بۆیە ئەو چاودێرییە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەبێت خزمەتی قوربانییەکان بەگشتی ناکرێت و بە ھەزاران خەڵک ئامادە کراوە بخرێنە ناو لیستەکەوە کە ئەمە نابێ وابێت.'' لوقمان عەبدولقادر وای گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




