٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مووسڵ پێنج نەخۆشخانە دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی مووسڵ گوتی، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڕیارە پێنج نەخۆشخانە دروست بکرێن کە یەکێکیان فەرمانی دروستکردنی دەرچووە و چوارەکەی دیکەش لە هەوڵداین فەرمانیان بۆ دەربچێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی مووسڵ، دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیار دراوە پێنج نەخۆشخانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی نەینەوا دروست بکرێن و ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی دراوە لە باشیک و تەنها ماوە پارەکەی تەرخان بکرێت و دەست بە دروستکردنی بکرێت، چونکە ڕێکارەکان تەواو بوون کە بڕی 77 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و لە ساڵی 2014وە ئێمە لە هەوڵداین وەکوو نوێنەرانی کورد و ئێستا وەزیری تەندروستی ڕەزامەندیی داوە و دەست بە دروستکردنی دەکرێت، کە چاوەڕێ دەکەین پارەکە بگاتە مووسڵ، چونکە ئەو ناحیەیە نەخۆشخانەی نییە.''

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی مووسڵ گوتیشی: ''ئێمە بەردەوام وەکوو نوێنەرانی کورد کار بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەکەین و بڕیارە چوار نەخۆشخانەی دیکەش دروست بکرێن، یەکێکی 100 قەرەوێڵەیی لە مەخموور و نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لە زوممار و دوو نەخۆشخانەی دیکەی 50 و 40 قەرەوێڵەیی هەر لە سنووری مووسڵ لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بکرێن.''

دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی ڕوونیشی کردەوە: ''هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی فەرمانی ئەوانیش دەربچیت و دەست بە دروستکردنی بکرێت، بۆیە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکەین تاوەکوو زۆرترین خزمەتی ناوچە کوردستانییەکان بکەین، چونکە ئەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.''


بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار