٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پڕۆژەیەک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئامادە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەو فراکسیۆنانەی بەشدارن لە حکوومەت خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆڵی ئێستای پەرلەمان و پەرلەمانتارێکی یەکێتییش ئاشکرای کرد، زەمینەسازی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەکە.

عوسمان سێدەری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە، بەڵام دیارە تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە ناچێت، مەبەست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەوەیە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، کەس خوازیاری ئەو ڕەوشە نییە، بەڵام نایشارینەوە ڕەوشی عێراقیش کاریگەریی ھەبووە لەسەر ھەرێمی کوردستان.''

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتیشی: "پلان و بەرنامە ھەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پڕۆژەیەک ئامادە دەکرێت لەلایەن فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئێستا زەمینەسازی دەکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک لەبارەی بابەتی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام وادەکەی دیاری نەکراوە''.

عوسمان سێدەری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەوڵەکان دەستیان پێ کردووە بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەو فراکسیۆنانەی بەشدارن لە حکوومەت لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەوانیش فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان، ھەرکاتێک گەیشتنە ئەنجامێک کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.''


قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار