د. خەیری عەلی ئوسو: کار دەکەین بۆ ئەوەی دھۆک بکرێتە پایتەختی گەشتوگوزار

دهۆک -KDP.info- ئەمساڵ چەندین چالاکی لەلایەن گەشتوگوزاری دھۆکەوە ئەنجام دراون و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکەش دەڵێ، کار دەکەن بۆ ئەوەی دھۆک بکرێتە پایتەختی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان.
د. خەیری عەلی ئوسو، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو هەوڵێکی گەشتوگوزاری دھۆک بۆ ئەوەیە لە داھاتوودا پارێزگای دھۆک بکرێتە پایتەختی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەموو پێوەرێکی گەشتوگوزاری تێدایە و بەھۆی ئەو سرۆشتەی ھەیەتی ناوچەیەکی بەرفراوانی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک دەکەن.''
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک دەڵێت: ''ساڵی ڕابردوو ٢٠٢١ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دھۆکیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەکە بەرز بووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار گەشتیار و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە دوو ملیۆن گەشتیار.''
لەبارەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیار د. خەیری عەلی ئوسو ڕوونی کردەوە: ''بێگومان چەندین پلان و بەرنامە ھەن بۆ ئەوەی زیاتر گرینگی بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت و یەکێک لە ئامانجەکانیش بەرزکردنەوەی ڕێژەی گەشتیارە لە داھاتوودا ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ژمارەی گەشتیار بۆ پارێزگای دھۆک بگەیەنینە پێنج ھەتا شەش ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا.''
قائید میرۆ




