سەکڤان سندی: زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان کۆ کراوەتەوە
__2022_10_01_h14m47s21__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- لەناو پەرلەمانی عێراق زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا کۆ کراوەتەوە و بڕیارە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمان دژی ھێرشەکانی ئێران بەڕێوە بچێت. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییش دەڵێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر.
سەکڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی شەش ڕۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکی نییە، ئەمەیش جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە، چونکە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە ڕێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بگرێتە بەر بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێن، لە ڕووداوی گوندی پەرەخێی زاخۆ چەندین شاندی عێراق سەردانی شوێنی ڕووداوەکەیان کرد، کەچی ئێستا ھەڵویستیان نییە.''
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەشڵێت: "لەناو پەرلەمانتارانی عێراق تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا کۆ کراوەتەوە و تا سبەی یەکشەممە 2/10/2022 ئیمزا کۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھێرشەکانی ئێران بەڕێوە بچێت.''
سەکڤان سندی ڕوونی کردەوە: ''ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراقن و دەیانەوێت حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو ھێرشانە، چونکە حکوومەت دەتوانێت لە ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و نابێت حکوومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات.''
قائید میرۆ




