ههنگاوهكانی بهڕێوهچوونی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14 له KDPیهوه بزانه

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە زۆر بە باشی و بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت. دەشڵێ، دوێنێ پرۆسەی هەڵبژاردن لە چەندین شوێن بەڕێوە چووە و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
نەجات حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 10/1 لە سنووری پارێزگای دهۆک هەڵبژاردن لە سنووری لقی یەکی پارتی و سنووری لقی 20ی پارتی لە شێخان بۆ هەردوو لیژنە ناوچەکانی ئاڵا و قەسرۆک بەڕێوە دەچێت.
حەسەن گوتیشی، دوێنێش هەڵبژاردن لە سنووری لقی پێنجی پارتی لە بەغدا کۆتایی هات و، لە لقی شەشی پارتیش لە ئەورووپا 8 بازنە تەواو بوونە و دوێنێ لە لێژنەی ناوچەی میونشن ـ لایبزیک هەڵبژاردنی ئەندامان کۆتایی هات.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لە سنووری لقی 2 ی پارتی لە هەولێر هەڵبژاردنی هێزەکانی ئاسایش ماوە لەگەڵ دوو بازنەی دواخراوی لقی 16ی پارتی لە دەوروبەری هەولێر و لقی پارتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
دەشڵێ، لە دهۆک و شێخان لەم دوو ڕوژەدا هەڵبژاردنی ئەندامان کۆتایی دێ و هەڵبژاردنەکان لە سنووری لقی 8 ی پارتی لە زاخۆ و لقی 18ی پارتی لە ئامێدی دەست پێ دەکات، کە هەڵبژاردن بەپێی بەرنامەی دیاریکراوی لێژنەی هەڵبژاردنی کۆنگرەی چواردە ڕێچکەی خۆی گرتووە و تا ئێستا بە سەرکەوتوویی تێپەڕیوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لێژنەی پارێزگاکان بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا بوونە و هاوکاریی هەموو ئۆرگانەکانی پارتی مایەی دەسخۆشییە و فەرمانگەی یاساییش لەگەڵ ئەو داواکاری و سکاڵایانەی هەبوونە، مامەڵەی گونجاو دەکەن هەریەکە بەپێی شوێن و جۆرەکان.
بڵند ئیبراهیم




