"بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت قەرزی بچووک دەست پێ دەکاتەوە"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا فەرمانی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک دەربچێت و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێ، ڕێکاری نوێ دەگرینە بەر و گۆڕانکاری بەسەر مەرجی سوودمەندبووندا ھاتووە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێک ھێناوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک، لیژنەکە ھەموو کارەکانی تەواو کردووە و ئێمە چاوەڕێین لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێز سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دابەشەکردنی قەرزی بچووک دەر بکات و ئێمەیش دەست بە جێبەجێکردنی بکەین.''
لەبارەی مەرجەکانیشەوە کوێستان محەمەد ڕوونی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێم ھەندێ ڕێکاری دیکە دەگرێتە بەر، واتە مەرجەکانی پێدانی قەرزی بچووک وەک پێشتر نابێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئێمە ھەندێ ڕێکاری نوێمان گرتووەتە بەر و بەپێی ئەو ڕێکارانە ھاووڵاتییان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی قەرزی بچووک.''
پێش ھاتنی قەیرانی دارایی لە ڕێگەی قەرزی بچووکەوە سەدان کەس لە ھەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەن کار و سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرز .
قائید میرۆ




