دەستەی ئاماری هەرێم: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لەوەی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە زیاترە

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو ئامارەی حکوومەتی عێراق لەبارەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمەوە بڵاوی کردووەتەوە ڕاست نییە و ڕێژەکە لەوە زیاترە و ئێستا خەمڵاندنێکی نوێمان کردووە و لە مانگی داهاتوو بڵاوی دەکەینەوە کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو ئامارەی حکوومەتی عێراق لەبارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە لەبارەی بودجە بووە و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە و لە ساڵی 2013 خەمڵاندنێکی دانیشتووانیان ڕێک خستووە، هاوشێوەی ئێمە تا ساڵی 2020 بوو و ئەوان ساڵی 2020 تا 2030 بووە و پشتیان بە داتا کۆنەکانی 2009 تا 2013 بەستووە، بۆ ئەوەی خەمڵاندنێک بکەن تا 2030، ئەمەش تەعبیر ناکات لە خەمڵاندنێکی دروست کە ڕێژەی هەرێم چەندە، لەبەر دوو هۆ، یەکەم ئەوەیە پشتی بە داتا کۆنەکان بەستووە و هیچ پڕۆژەیەکی خەمڵاندنی نوێیان نییە و دووەم هەندێک قەزا و ناحیەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان کە هەرێم سەرپەرشتییان دەکات حیسابیان نەکردوون و ئەوان بۆ ساڵی 2005 گەڕاونەتەوە، لە قەزای شێخان تەنها ئەترووشیان حیساب کردووە و لە مەخموور هەموویان دەرهێناوە، تەنها سەنتەر و یەکێک لە بنکەکانی سەر بە عێراق ئەوانەی دیکە سەر بە هەرێمی کوردستانن و ناحیەی فایدەیان حیساب نەکردووە و جگە لەوەش 700 هەزار ئاوارە و250 هەزار پەنابەرمان هەیە، بۆیە گەر بودجە پێشکەش بکەن پێویستە ئەوانەش حیساب بکرێن.''
سیروان محەمەد گوتیشی: ''ئەو ڕێژەی حکوومەتی عێراق دایناوە کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم 14%ــە، ئێمە لەوە زیاترین و دەستەی ئامار لەڕێگەی پڕۆژەیەکی نوێوە و بە پشتبەستن بە ئامار و ڕووپێوی نوێ بۆ خەمڵاندنی دانیشتووانی هەرێم کارێکی زۆرمان کردووە و کەم ماوە تەواو بین لە خەمڵاندنی دانیشتووانی هەرێم لە 2020 تا 2030 و بەپێچەوانەی ئەوان کە ئەو کارەیان نەکردووە، ئێمە بە شێوەیەکی زانستی کارەکانمان لەگەڵ شارەزایەکی نێودەوڵەتی کردووە، بۆیە ڕەنگە لە مانگی داهاتوو ڕایبگەیەنین و ڕێژەی دانیشووانی هەرێم لەوەی حکوومەتی عێراق باسی دەکات زیاترە.''
بڵند ئیبراهیم




