بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری پێویستی گرتووەتە بەر

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێکارێکی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساخ بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێکاری گرتووەتە بەر، لەوانە ناوچەی پیشەسازی دروست دەکات و کارگەی دروستکردنی بەرهەمی خۆماڵی دادەمەزرێن و بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی عێراق دەکرێت و لە ناوخۆش ساخ دەکرێتەوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوەش بکرێت.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارێکیان کردووە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و کارئاسانییان بۆ کراوە ڕەوانەی عێراق بکرێت و ئەوەی هەناردەی بکرێت پشتگیریی دەکرێت، وەکوو بەرهەمی ناوخۆ هەناردە بکرێت، بۆیە لە ناوخۆش بۆیان ساخ دەکرێت و هەموو ڕێکاری پێوست دەگیرێتە بەر و تا ڕادەیەکی باش بەرهەمی ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە.''
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: ''جگە لەوە، بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆ بدرێت لە هەر ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی پیشەسازی دروست دەکرێت و کارگەی خۆماڵیی لێ دروست دەکرێن، بۆ ئەوەی ئاوی میوەی لێ دروست بکرێت و میوەکان وشک بکرێنەوە و ئێستا ئەو پڕۆژانە لە بواری جێبەجێکردندان، چونکە لە هەر پارێزگایەک ڕووبەرێکی زەوی دابین کراوە و پڕۆژەکانیش لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ دەکرێن.''
کەریم ڕوونیشی کردەوە: ''دەمانەوێت ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە لەڕێگەی کارگەکانەوە ساخ بکرێنەوە و بکرێنە بەرهەم بۆ ناوخۆ بەکار بهێندرێت و جگە لەوەش، کار دەکرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانیش بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




